'وێنجە' و 'ئەسپەست'

"وێنجە" ["یۆنجه"] و "ئەسپەست"

وشەی "یۆنجە" کە چوەتە کوردی و فارسیەوە و لە کوردیدا بوەتە "وێنجه" یش؛ کوردی و ئێرانی نیە، و لە تورکیەوە هاتوە و لە زمانە تورکیەکاندا ڕەسەنە، و دەگەڕێتەوە بۆ تورکیی کۆن..
بەم شێوەیە:
ئێستە وشەکە لە تورکیدا بە شێوەی yonca ماوەتەوە، لە ئازەرییشدا هەر yonca یە، و ئەمە بەوردی گیایەک دەگرێتەوە کە بە فارسی پێی دەوترێت "شبدر"، بە کوردییش پێی دەوترێت "شەوەر" [و "شەودەر"]. بەڵام کە وشەکە هاتوەتە کوردی و فارسیەوە؛ بە گیایەکی نزیک لەوە وتراوە کە (وێنجە) یە. هەردوکیان هەر سێ‌پەڕەن بە واتایەی سێ‌گەڵای پێکەوەیان هەیە، بەڵام جیاوازیشن. شەوەر بە ئینگلیزی پێی دەوترێت clover کە وا دیارە وشە تورکیەکە بە وردی ئەمەیان دەگرێتەوە، ئەوەش کە لە کوردی و فارسیدا "یۆنجە" و "وێنجە" ی پێ دەوترێت؛ ئەوەیە کە لە ئینگلیزیدا پێی دەوترێت alfalfa کە ئەم وشە ئینگلیزیەش لە کۆتاییدا دەچێتەوە سەر وشە ئێرانیە ڕەسەنەکە کە دواتر باسی دێت. ئەی بە تورکی بە وێنجە [=alfalfa] دەڵێن چی؟ وا دیارە پێی دەوترێت kabayonca واتە یۆنجەی درشت. بەڵام وا دیارە لە ئازەریدا بەمیش هەر دەوترێت yonca.
ئینجا وشە تورکیەکە ڕەسەنە و دەگەڕێتەوە بۆ "یۆرینچغە" ی تورکیی کۆن [هەندێک جار بە "یۆرینچگە" دەنوسرێت] یاخود "یۆرونچغە" [کاشغەری لە "دیوان لغات الترک" ـدا هێناویەتی، ساڵی ١٠٧٠، کە ئەو کاتە وشەکە هێشتا بەو شێوە کۆنە بوە]. ئینجا ئەمە لە زمانە تورکیەکاندا بەم شێوەگەلە ماوەتەوە:
ـ لە قیرغیزیدا بوەتە "یۆنگغوچکە".
ـ لە کازاخیدا بوەتە "یۆنگیریشکە" و هەروەها "یۆنگیشکە".
ـ لە ئوزبەکیدا بوەتە "یونگغیچکە".
ـ لە قەرەقالپاقیدا بوەتە "یۆنگیشکە". [تێبینی: دەنگی |نگ| لەم وشانەدا بریتیە لە دەنگی |ن| ی مینگەدار].
ـ لە ئویغوریدا "یۆرۆنچغە" بوه [ئەمەش شێوەیەکی کۆنە].
ـ لە خاقانیدا هەر بە شێوەی "یۆرینچغە" بوە.
ـ لە تورکمانیدا بوەتە "یۆرونجە".
ـ لە تورکیی عوثمانیدا بوەتە "یۆنجە". ئەمەیە کە هاتوەتە کوردی و فارسیەوە.
ـ لە ئازەرییشدا هەر بوەتە "یۆنجە".
وشە تورکی [=تورکیک] ـە کۆنەکە: "یۆرینچغە" یاخود "یۆرونچغە"، پێک‌هاتوە لە "یۆری-" یاخود "یۆرو-"، لەگەڵ "-نچغە" کە پاشگرێکە لە ناوی گەلێک گیاندار و ڕوەکدا هەیە. بەڵام واتا ڕیشەییەکەی هێشتا لێم ڕون نیە.
ئەمە سەبارەت بە وشە تورکیەکە، "یۆنجە"، کە هاتوەتە فارسیەوە و بە شێوەی "یونجه" |یۆۆنجه=یۆۆنجێ| ماوەتەوە، و هاتوەتە کوردییشەوە بە هەمان شێوەی "یۆنجه" بوەتە "ئونجه" و "وێنجە" یش.
ئەی وشە ئێرانیە ڕەسەنەکە چیە بە واتای وێنجە؟ ئەوەیە کە بە شێوەی "اسپست"  |ئەسپێست =
ئێسپێست = ئیسپیست = ئەسپوست = ئوسپوست| [و "اسبست" و "اسفست"] و "اسپس" |ئەسپێس = ئێسپێس| [و "اسبس" و "اسفس"] و "سپست" |سپێست| و هەندێک شێوەی تر لە فارسیدا ماوەتەوە. لە کوردییشدا بە هەمان شێوەی "ئەسپست" و "ئەسپس" و "هەسپست" و "هەسپک" ماوەتەوە، کە لە هەمان کاتدا "وێنجە کێویلە" و "وێنجە تاڵە" یشی پێ دەڵێن.
ڕاستیەکەی ناتوانین دڵنیا بین لەوەی ئەو "ئەسپست" و "ئەسپس" و "هەسپست" هه‌ی کە لە کوردیدا بەدەگمەنی هاتون؛ کوردیی ڕەسەن بن.. ئەگەری هەیە لە شێوە فارسیەکانەوە وەرگیرابنەوە. ئەمەش لە سایەی ئەوەی کۆی دەقە کوردیەکانمان لەبەر دەستدا نیە و هێشتا فەرهەنگێکی مێژوییمان نیە، کە تەنها لەو ڕێگەیەوە دەتوانین بیبڕێنینەوە کە ئایا ئەوانە وەکو کوردیی ڕەسەن لە کوردیی ناوەڕاستەوە ماونەتەوە یان لە زمانێکی ئێرانیی ترەوە (بەتایبەتی فارسی) وەرگیراونەتەوە دوای ئەوەی وشە کوردیە ڕەسەنەکە مردوە. بەڵام مادەم وشەکە لە بەلوچییشدا هەبێت (ئەگەر بەلوچیەکەش کاریگەریی شێوەی نوسراوی "اسپست" ی فارسی نەبێت)؛ ئەگەری زۆرە وشەکە لە کوردییشدا ڕەسەن بێت. هەرچەند من خۆم نەمبینیوە ئەو وشەیە بەکار بێت و هەر "وێنجە" و "سێ‌پەڕە" م بیستوە. بەڵام لە هەندێک لە فەرهەنگەکاندا، وەکو (هەنبانە بۆرینە)، وشەی وەکو "هەسپست" و "هەسپک" بەرچاو دەکەون، هەروەها لە (هەنبانە بۆرینە) دا دەڵێت "هەسپزە" گیایەکە لە وێنجە دەچێت. "هەسپست" لە هەندێک فەرهەنگی کرمانجیی ژورودا هاتوە، بەتایبەتی کە لە کرمانجیی ژورودا لەجێی "ئەسپ" دەوترێت "هەسپ".
ڕاستە وشەکە لە کوردیدا زۆر کەم بەکار دێت و دەتوانین بڵێین مردوە، و ئەمەش بە کاریگەریی وشەی "یۆنجە" کە بەتەواوی شوێنی گرتوەتەوە، هەتا لە فارسییشدا بەزۆری "یۆنجە" بەکار دێت و بەدەگمەنی "اسپست" ـ و شێوەکانی تری ـ بەکار دێت. بەڵام وا دەردەکەوێت ئەو "هەسپست" و "هەسپک" و "هەسپزە" و شێوانەی تر کە لە کوردییشدا بەکەمی بەرچاو دەکەون؛ ڕەسەن بن، یان بەلای کەمەوە وشەکە ڕاستەوخۆ لە پەهلەویەوە هاتبێتە کوردیەوە نەک لە فارسیی نوێوە.

جا ئەم وشە ڕەسەنە؛ دەگەڕێتەوە بۆ "ءس‌پ‌س‌ت'" |ئەسپەست
= ئەسپیست| ی پەهلەوی، کە ئەمە وا دیارە بە هەردو جۆرەکە: شەوەر و یۆنجە، وتراوە.
ئەم وشەیەش، "ئەسپەست"، دیارە لە "ئەسپ-" ەوە داڕێژراوە، لەبەر ئەوە دیارە وشەکە یەکێکە لەو وشە ڕەسەنانەی دەگەڕێنەوە بۆ زمانی مادی [=کوردیی کۆن]، چونکە "ئەسپە" لە زمانی مادیەوە هاتوە کە بۆ کوردی ماوەتەوە و چوەتە فارسیی کۆن و پەهلەوییشەوە. و وشە مادیەکە بە شێوەی "*ئەسپە-ستی" بنیات دەنرێتەوە، ئەمەش چونکە وشەکە چوەتە ئەککەدی [بابیلی-ئاشوری] ـەوە و بە شێوەی "ئەس-پە-ـه‌س-تی" [هەروەها "ئەس-پە-ـەس-تو"] گەیشتوە، لێرەوە وشە مادیەکە بە "ئەسپە-ستی" دەخەمڵێنرێت [بەرامبەری ئەم وشەیە لە ئەوێستاییدا بە "ئەسپۆ-ئەستی" دادەنرێتەوە، هەرچەند وا دیارە ئەمە بنیاتنانەوەیە و بە دەق نەگەیشتوە]، و ڕیشە و پێکهاتەی وشەکەش دیارە بەشی یەکەمی "*ئەسپە" یە کە هەمان وشەی "ئەسپ" ـە، لەگەڵ "*-ستی" [یان ـ وردتر ـ "-ئەستی"] کە وەکو پاشگری "-خوار" و "-خۆر" وایە بە واتای خواردەمەنی [ئەم "*ئەستی" ـەی کە وا دیارە لە زمانی مادیدا هەبوە؛ هاوڕیشە و بەرامبەرە لەگەڵ "ئەد-" ی ئەوێستایی، ئینجا لەگەڵ ـ بۆ نمونه ـ "ئێد-" یاخود "ئەت-" ی خیتتی، و "ئەتتی" و "ئەدمی" ی سەنسکریتی، و ἔδω |ئێێدۆۆ| ی گریکی، و edo |ئێدۆۆ| ی لاتینی، و eat |ئییت| ی ئینگلیزی، و essen |ئێسن| ی ئاڵەمانی.. کە هەمویان فرمانن و واتای خواردن دەدەن. بەم شێوەیەش ماددەکە ڕیشەیەکی هیندی-ئەورۆپاییە]، وەکو چۆن دەڵێین "وشترخوار" یان "وشترخۆر" واتە ئەو گیایەی وشتر دەیخوات، بە هەمان شێوەش "ئەسپە-ستی" واتە "ئەسپ‌خۆر" واتە ئەو گیایەی ئەسپ دەیخوات.
هەروەکو وا دەردەکەوێت وشەکە لە زمانی مادیەوە گوازراوەتەوە بۆ پارسی (فارسیی کۆن)، چونکە ـ بەپێی هەندێک سەرچاوە ـ لە فارسیی کۆنیشدا دەستەواژەکە بە شێوەی "ئەسپۆ-ئەستی" هەبوە [هەرچەند لە ڕاستیدا ئەمە شێوە ئەوێستاییەکەیە، ئەگەرنا شێوە فارسیە کۆنەکە (=باشورخۆرئاواییە کۆنەکە) بە شتێکی وەکو "٭ئەسپە-ستە" یان "٭ئەسپەستییە" دەخەمڵێنرێت]. ئینجا ئیتر لە فارسیە کۆنەکەوە [یان ڕاستەوخۆ لە مادیەوە] بۆ پەهلەوی ماوەتەوە و بوەتە "ئەسپەست"، کە ئەمە لە فارسیدا ماوەتەوە. هەروەها کوردیدا ماوەتەوە، جا ئیتر یان لە پەهلەویەوە هاتوە، یان لە کوردیی ناوەڕاستەوە و ئەمیش لە کوردیی کۆنەوە کە مادیە.
هەروەها وشەکە بۆ هەندێک زمانی ئێرانیی تریش ماوەتەوە، وەکو "سپەستو" ی پەشتو، هەروەها لە ڕێگەی زمانی باختەریەوە چوەتە هەندێک زمانێكی هیندی-ئاریی قۆناغی ناوەڕاستەوە کە ئەوانەن پێیان دەوترێت (پراکریت).
جا ئەم وشە مادی [=کوردیی کۆن] ـە چوەتە زمانی ئەککەدییشەوە و لە هەندێک دەقی ئەککەدیدا [سەدەی ٧ پ. ز.] بە شێوەی "ئەسپەستی" و "ئەسپەستو" هاتوە.
ئینجا لە ئەککەدیەکەوە چوەتە ئارامیەوە و بە شێوەی אספסתא |ئەسپەستا| لە ئارامیی بابیلیی یەهودی و ئارامیی ئەدەبیاتی یەهودیی دواییندا و ܐܣܦܣܬܐ |ئەسپەستا| لە سوریانیدا ماوەتەوە [تێبینی: لێرەوە نابێت گومان بۆ ئەوە بچێت کە لە مادییشدا وشەکە بە شێوەی "ئەسپەستا" یان "ئەسپەستە" بوبێت، "ئەسپەستە" ی مادی واتایەکی تری هەیە هەرچەند ئەمیش هەر پەیوەندیی بە ئەسپەوە هەیە].
دواتر زمانی عەرەبی، لە ڕێگەی شێوەیەکی تری سوریانیەکەوە کە ܦܣܦܣܬܐ |پێسپێستا| و ܦܣܦܝܣܬܐ |پێسپییستا| یە، وشەکەی وەرگرتوە و بوەتە "فصفص" |فیصفیص| و "فصفصة" |فیصفیصه|، کە بەو وێنجە و سێپەڕەیە دەوترێت وڵاخ دەیخوات، و لە هەندێک شێوەزاری عەرەبیی وەکو شامیدا بوەتە "فصة" |فیصصه| یش.
ئینجا لە "الفصفصة" |ئەل-فیصفیصه| یاخود |ئەل-فەصفەصە| عەرەبیەکەوە، چوەتە ئیسپانیەوە و بوەتە alfalfez |ئەلفەلفێز|، ئیتر ئەم وشە ئیسپانیەیە کە چوەتە ئینگلیزیەوە و بوەتە alfalfa |ئەڵفەلفە| یان |ئێاڵفێاڵفە|.